پەندەکان پەندەکانی سلێمان, بەش پەندەکانی سلێمان, بەش 26
وەک بەفر لە هاوین و باران لە کاتی دروێنەدا،
ئاواش ڕێزلێنان لە گێل ناوەشێتەوە.
وەک چۆلەکەی فڕیو و پەڕەسێلکەی باڵگرتوو،
ئاواشە نەفرەت بەبێ هۆ نایێت.
قامچی بۆ ئەسپ و لغاو بۆ گوێدرێژە،
کوتەکیش بۆ پشتی گێلەکانە.زەبوورەکان 32:9
وەڵامی گێل مەدەوە بەپێی گێلایەتییەکەی،
نەوەک تۆش وەک ئەوت لێ بێت.مەتا 21:27
وەڵامی گێل بدەوە بەپێی گێلایەتییەکەی،
نەوەک لەبەرچاوی خۆی ببێت بە دانا.
وەک بڕینەوەی قاچەکانی خۆیەتی و نۆشینی ستەمە،
ئەوەی بە دەستی گێل پەیام بنێرێت.
وەک شۆڕبوونەوەی قاچەکانی گۆجە،
پەند لە دەمی گێلەکان.
وەک گرێدانی بەرد بە بەردەقانییەوە،
ئەوەی ڕێز لە گێل دەگرێت.
وەک دڕکە لە دەستی سەرخۆش،
پەند لە دەمی گێلەکان.
وەک تیرهاوێژێکە کوێرانە لە خەڵک بگرێت،
بەکرێگری گێل و ڕێبوار.
وەک سەگ بگەڕێتەوە سەر ڕشانەوەکەی،
گێلیش گێلایەتییەکەی دووبارەی دەکاتەوە.دووەم پەترۆس 2:22
کەست بینیوە لەبەرچاوی خۆی دانا بێت؟
گێل لەو زیاتر ئومێدی پێ دەکرێت.ئیشایا 5:21; ڕۆما 12:16
تەمبەڵ دەڵێت: «شێر لەسەر ڕێگایە،
نەڕەشێر لەنێو گۆڕەپانەکانە.»پەندەکان 22:13
دەرگا لەسەر ڕێزە دەسووڕێتەوە،
تەمبەڵیش لەناو نوێنەکەی.
تەمبەڵ دەست دەخاتە ناو قاپ،
زەحمەتە بۆی بیباتە ناو دەمی.پەندەکان 19:24
تەمبەڵ لەبەرچاوی خۆی داناترە لە حەوت کەس
کە وەڵامی ژیرانە دەدەنەوە.لۆقا 19:21
وەک گرتنی سەگێکە بە گوێیەکانی
ئەوەی ڕێبوارە و خۆی دەخاتە ناو ناکۆکییەکەوە کە هی ئەو نییە.
وەک شێتێک
پشکۆ و تیری مەرگ بهاوێژێت،
ئاوایە ئەوەی فێڵ لە دراوسێکەی بکات و
بڵێت: «تەنها گاڵتەم کرد!»
دار نەبێت ئاگر دەکوژێتەوە،
دەمشڕ نەبێت دووبەرەکی نامێنێت.
خەڵووز بۆ پشکۆ و دار بۆ ئاگرە،
پیاوی شەڕانگێزیش بۆ ورووژاندنی ناکۆکییە.
قسەکانی دەمشڕ وەک پارووی بەتامە،
شۆڕ دەبێتەوە ناو ورگ.زەبوورەکان 55:21
وەک گۆزەی گڵینی داپۆشراوە بە خڵتی زیو
قسەی شیرین لە دڵێکی خراپەوە.
قین لە دڵ بە لێوەکانی خۆی دەشارێتەوە،
بەڵام لە ناخیدا فڕوفێڵ دادەنێتەوە.کردار 16:17
ئەگەر قسەی شیرینی کرد باوەڕی پێ مەکە،
چونکە حەوت شتی قێزەون لە دڵیدایە.یەکەم ساموئێل 26:25
هەرچەندە بە فێڵ قینی خۆی بشارێتەوە،
خراپەی لەناو کۆمەڵدا ئاشکرا دەبێت.
ئەوەی چاڵێک هەڵکەنێت خۆی تێی دەکەوێت،
ئەوەی بەردێک گلۆر بکاتەوە بەرەو خۆی دەگەڕێتەوە.زەبوورەکان 7:15; ژیرمەندی 10:8
زمانی درۆ ڕقی لەوانە دەبێتەوە کە برینداریان دەکات،
زمانی لووسیش وێرانکاری دەکات.