پەندەکان پەندەکانی سلێمان, بەش پەندەکانی سلێمان, بەش 11
تەرازووی لاسەنگ لەلای یەزدان قێزەونە،
بەڵام ئارەزووی لە کێشی دروستە.دواوتار 25:13
کە لووتبەرزی هات، ڕیسواییش دێت،
بەڵام لەگەڵ بێفیزەکان دانایی دێت.
ڕاستیی سەرڕاستەکان ڕێنماییان دەکات،
بەڵام خواری ناپاکان سەری خۆیان دەخوات.
بێ سوودە سامان لە ڕۆژی تووڕەیی،
بەڵام ڕاستودروستی فریادەکەوێت لە مردن.پەندەکان 10:2; حزقیێل 7:19; سەفەنیا 1:18
ڕاستودروستی ڕێگا بۆ کەسی بێ کەموکوڕی ئاسان دەکات،
بەڵام بەدکار بە بەدکاری خۆی دەگلێت.
ڕاستودروستی سەرڕاستەکان فریایان دەکەوێت،
بەڵام ناپاکان گرفتاری ئارەزووەکانیان دەبن.
بە مردنی بەدکار ئومێدی دەبڕێت،
هیوای پاڵەوانانیش لەناودەچێت.
کەسی ڕاستودروست لە تەنگانەدا دەرباز دەبێت و
بەدکار دەگرێتەوە.ئەستێر 7:9; زەبوورەکان 34:19
کەسی دووڕوو بە دەمی دراوسێکەی لەناودەبات،
بەڵام ڕاستودروستان بە زانیاری دەرباز دەبن.
بە سەرکەوتنی ڕاستودروستان شار شادمان دەبێت،
بە لەناوچوونی بەدکارانیش هاواری خۆشییە.پەندەکان 28:12
بە بەرەکەتی سەرڕاستەکان شار بەرز دەبێتەوە،
بەڵام بە دەمی بەدکاران وێران دەبێت.پەیدابوون 18:32
ئەوەی سووکایەتی بە دراوسێکەی بکات تێنەگەیشتووە،
بەڵام کەسی تێگەیشتوو بێدەنگ دەبێت.
دەمشڕ نهێنی ئاشکرا دەکات،
بەڵام مرۆڤی دڵسۆز شت دادەپۆشێت.پەندەکان 20:19
بێ ڕاوێژ گەل دەکەوێت،
بەڵام سەرکەوتن بە زۆری ئامۆژگارانە.پەندەکان 15:22
ئەوەی ببێتە کەفیلی بێگانە بێگومان تووشی خراپە دەبێت،
بەڵام ئەوەی ڕەتی دەکاتەوە دەست بداتە کارێکی لەو شێوەیە، ئاسوودەیە.
ئافرەتی نەرمونیان ڕێزی دەست دەکەوێت،
بەڵام کەسی زۆردار تەنها سامان.
مرۆڤی بە بەزەیی چاکە لەگەڵ خۆی دەکات،
بەڵام دڵڕەق خۆی ماندوو دەکات.
خراپەکار کرێیەکەی قەڵبە،
بەڵام چێنەری ڕاستودروست پاداشتی مسۆگەرە.گەلاتیا 6:8
بێگومان ڕاستودروست ژیان بەدەستدەهێنێت،
بەڵام ئەوەی شوێن خراپە دەکەوێت، مردنی دەستدەکەوێت.
قێزی یەزدان لە دڵخراپانە،
ڕەزامەندیشی بۆ ڕێ تەواوانە.زەبوورەکان 5:6; زەبوورەکان 119:1
بێگومان بەدکار بێ سزا نابێت،
بەڵام نەوەی ڕاستودروستان دەرباز دەبن.پەندەکان 16:5
وەک خەزێمی زێڕە بە لووتی بەرازەوە،
ئافرەتی جوانی بێ ئەقڵ.
ئارەزووی ڕاستودروستان تەنها چاکەیە،
بەڵام هیوای بەدکاران لە تووڕەییە.زەبوورەکان 112:10
هەیە بڵاو دەکاتەوە، بۆی زیاد دەکرێت،
هەیە لە ڕادەبەدەر دەستی پێوە دەگرێت، بەڵام نەدار دەبێت.دووەم کۆرنسۆس 9:6
چاوتێر دەوڵەمەند دەبێت،
ئاوگێڕیش ئاوی دەدرێتێ.
ئەوەی گەنم ئەمبار دەکات و نایفرۆشێت گەل نەفرەتی لێ دەکات،
بەڵام بەرەکەت بۆ سەری فرۆشیارە.
ئەوەی پەرۆشە بۆ چاکە ڕەزامەندی دەست دەکەوێت،
بەڵام ئەوەی بەدوای خراپەدا بگەڕێت خراپە دێتە ڕێی.
ئەوەی پشت بە دەوڵەمەندی خۆی ببەستێت دەکەوێت،
ڕاستودروستانیش وەک گەڵا دەپشکوێن.ئەیوب 31:25; مەتا 19:23; یەکەم تیمۆساوس 6:17
ئەوەی ماڵی خۆی ماندوو بکات میراتی با دەبێت،
گێلیش دەبێتە نۆکەری دانا.
بەروبوومی کەسی ڕاستودروست درەختی ژیانە،
ئەوەی خەڵک دەباتەوە دانایە.پەندەکان 3:18
ئەگەر کەسی ڕاستودروست لەسەر زەوی پاداشت دەکرێت،
ئەی چەند زیاتر خراپەکار و گوناهبار!یەکەم پەترۆس 4:18