یەرمیا یەرمیا, بەش یەرمیا, بەش 18
لە ماڵی گۆزەکەر
ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: «هەستە و بەرەو خوارەوە بڕۆ بۆ ماڵی گۆزەکەرەکە، لەوێ پەیامی خۆمت پێ ڕادەگەیەنم.» منیش بەرەو خوارەوە چووم بۆ ماڵی گۆزەکەرەکە، بینیم لەسەر چەرخەکە کار دەکات. بەڵام ئەو دەفرەی گۆزەکەرەکە لە گڵ دروستی دەکرد، تێکچوو، جا دووبارە کردییەوە بە دەفرێکی دیکە، بەو شێوەیەی گۆزەکەرەکە پێی باش بوو.
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا من ناتوانم وەک ئەم گۆزەکەرەتان لەگەڵ بکەم؟ ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە لەناو دەستی منن هەروەک گڵ لەناو دەستی گۆزەکەر. ئیشایا 45:9; ڕۆما 9:20ئەگەر هەر کاتێک لەبارەی نەتەوەیەک و شانشینێکەوە باسی ڕیشەکێشکردن و بەزەوی دادان و لەناوبردنم کردبێت، یەرمیا 1:10ئەو نەتەوەیەی کە لەبارەیەوە دواوم، لە خراپەکەی تۆبە دەکات، ئینجا منیش پاشگەز دەبمەوە لەو بەڵایەی بەتەمابووم تووشی بکەم. حزقیێل 18:21ئەگەر هەر کاتێکیش لەبارەی نەتەوەیەک و شانشینێکەوە باسی بنیادنان و چاندن بکەم، بەڵام لەبەرچاوم خراپە بکات و گوێڕایەڵی من نەبێت، ئەوا منیش پاشگەز دەبمەوە لەو چاکەیەی کە فەرمووم بۆی بکەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«ئێستاش بە پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئاگاداربن! من بەڵایەکتان بۆ ئامادە دەکەم و پیلانێک لە دژی ئێوە دادەڕێژم. جا لەبەر ئەوە بگەڕێنەوە، هەرکەسە و لە ڕێگا خراپەکانی، ڕێگا و کردەوەکانی خۆتان چاک بکەنەوە.“ یەرمیا 7:3; یەرمیا 25:5; یەرمیا 35:15; یۆحەنا 3:8بەڵام گوتیان: ”بێ سوودە، چونکە ئێمە دوای بیروڕای خۆمان دەکەوین، هەریەکەمان بەپێی کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی دەکات.“»یەرمیا 2:25
لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«لەنێو نەتەوەکان بپرسن:
کێ وەک ئەمەی بیستووە؟
بێ تامترین خراپە
ئیسرائیلی پاکیزە کردوویەتی.یەرمیا 2:10
ئایا بەفری لوبنان
لە لووتکە بەردینەکانی دەبڕێتەوە؟
ئایا ئاوی سازگاری لەبەرڕۆیشتووی
وشک دەبێت؟
بەڵام گەلەکەم منی لەیاد کردووە،
بخووری بۆ بتی پووچ سووتاندووە،
کۆسپ و تەگەرەیان خستە بەردەم ڕێگاکانیان و
ڕێچکە کۆنەکان،
تاکو بە لاڕێکان و
ڕێگا خۆش نەکراوەکاندا بڕۆن.یەرمیا 6:16
بۆ ئەوەی خاکەکەیان وێران بێت،
بۆ هەتاهەتایە ببێتە جێگای تانە و تەشەر،
هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام بێت و
سەر بلەقێنێت.یەرمیا 19:8; یەرمیا 49:13; یەرمیا 50:13
وەک بای ڕۆژهەڵات
لەبەردەم دوژمن پەرتیان دەکەم،
لە ڕۆژی کارەساتیان
پشتیان تێدەکەم، نەک ڕوو.»پەندەکان 1:26
ئینجا ناحەزانم گوتیان: «وەرن، با پیلانێک لە یەرمیا بگێڕین، چونکە فێرکردن لە کاهین و ڕاوێژ لە دانا و پەیام لە پێغەمبەر نابڕێتەوە. وەرن با بە زمانمان لێی بدەین و گوێ لە هیچ وشەیەکی نەگرین.»مەلاخی 2:7
ئەی یەزدان، گوێم لێ بگرە،
گوێ لە دەنگی ناحەزانم بگرە.یەرمیا 20:12
ئایا پاداشتی چاکە بە خراپە دەدرێتەوە؟
بەڵام چاڵێکیان بۆم هەڵکەندووە.
بەبیرت بێتەوە وەستانم لەبەردەمت،
بۆ ئەوەی لە پێناوی ئەوان بپاڕێمەوە،
تاکو تووڕەییت لێیان بگێڕمەوە.پەیدابوون 44:4; زەبوورەکان 7:15; مەتا 22:15
لەبەر ئەوە کوڕەکانیان بدە دەست قاتوقڕی،
بیاندە دەست شمشێر،
با ژنەکانیان جەرگسووتاو و بێوەژن بن،
پیاوەکانیشیان بمرن،
گەنجەکانیان لە جەنگ بە شمشێر بکوژرێن.زەبوورەکان 109:9
با هاوار لە ماڵەکانیانەوە ببیسترێت،
کاتێک لەپڕ چەتەیان بەسەردا دەدەیت،
چونکە چاڵیان هەڵکەند بۆ گرتنم،
تەڵەیان بۆ پێم نایەوە.زەبوورەکان 35:7; لۆقا 20:20
بەڵام ئەی یەزدان،
تۆ لە هەموو تەگبیرەکانیان بۆ کوشتنی من ئاگاداربووی.
لە تاوانیان خۆش مەبە و
گوناهەکەیان لەبەرچاوت مەسڕەوە.
با لەبەردەمت تێکبشکێن،
لە کاتی تووڕەبوونت سزایان بدە.یەرمیا 11:19; زەبوورەکان 109:14