پەندەکانامثال پەندەکانی سلێمانامثال, بەشباب پەندەکانی سلێمانامثال, بەشباب 14

ترجمه‌ها مقایسه

ژنی دانا ماڵی خۆی بنیاد دەنێت،

گێلیش بە دەستی خۆی کاولی دەکات.پەندەکان 12:4; پەندەکان 24:3

ئەوەی ڕاستەڕێیەکەی خۆی بگرێت لەخواترسە،

بەڵام ئەوەی ڕێگای خۆی خوار بکاتەوە سووکایەتی پێ دەکات.ئەیوب 12:24

گێل بە قسەکانی خۆی تووشی گۆچانی سزادان دەبێت،

بەڵام دانایان لێوەکانیان دەیانپارێزن.یاقوب 3:5; پەندەکان 12:6

کە مانگا نەبێت ئاخوڕ بەتاڵە،

دروێنەی زۆریش بە هێزی گایە.

شایەتی دەستپاک درۆ ناکات،

بەڵام شایەتی درۆزن درۆ بڵاو دەکاتەوە.دەرچوون 23:1; پەندەکان 12:17

گاڵتەجاڕ داوای دانایی دەکات و نایدۆزێتەوە،

بەڵام زانیاری بۆ تێگەیشتوو ئاسانە.

لەبەردەم کەسی گێل دووربکەوە،

چونکە لە لێوەکانی زانیاری نابیستیت.

دانایی ژیر تێگەیشتنی ڕێگای خۆیەتی،

بەڵام گێلایەتی گێلەکان فریودانە.زەبوورەکان 139:24

گێلەکان گاڵتە بە تاوان دەکەن،

بەڵام لەنێو سەرڕاستان ڕەزامەندی خودا دەدۆزرێتەوە.

هەر دڵێک تاڵیێتی گیانی خۆی دەزانێت،

کەسیش لە خۆشییەکەیدا بەشداری ناکات.

ماڵی بەدکارەکان کاول دەبێت،

بەڵام ڕەشماڵی سەرڕاستان گەشە دەکات.پەندەکان 12:7

ڕێگا هەیە لەبەرچاوی مرۆڤ ڕاست دیارە،

بەڵام کۆتاییەکەی بەرەو مردنە.پەندەکان 16:25

بگرە لە پێکەنینیشدا دڵ تەنگ دەبێت،

لەوانەیە کۆتایی خۆشیش خەم بێت.

کەسی ڕاڕا لە ڕێگای خۆی تێر دەبێت،

پیاوچاکیش لەوەی کە هەیەتی.ئیشایا 3:10

ساویلکە بە هەموو قسەیەک بڕوا دەکات،

بەڵام ژیر دەڕوانێتە هەنگاوەکانی خۆی.ڕۆما 16:18; یەکەم یۆحەنا 4:1

کەسی دانا لە خودا دەترسێت و لە خراپە لادەدات،

بەڵام گێل سەرگەرمە و پشت ئەستوورە.زەبوورەکان 111:10

کەسی هەڵەشە ڕەفتاری گێلانە دەکات،

پیاوی تەڵەکەبازیش مایەی ڕقە.پەندەکان 12:16

ساویلکەکان میراتگری گێلایەتین،

بەڵام ژیرەکان سەریان بە زانیاری دەڕازێنرێتەوە.ئەفەسۆس 5:15

بەدکاران لەبەردەم پیاوچاکان دەچەمێنەوە،

خراپەکارانیش لە بەردەرگای کەسی ڕاستودروست.ئیشایا 60:14

هەژار تەنانەت دراوسێکەشی ڕقی لێی دەبێتەوە،

بەڵام دەوڵەمەند دۆستی زۆرە.پەندەکان 19:7

ئەوەی سووکایەتی بە دراوسێکەی بکات گوناه دەکات،

بەڵام خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لەگەڵ هەژاران میهرەبانە.زەبوورەکان 41:1; مەتا 5:7

ئایا وێڵ نابن ئەوانەی پیلانی خراپە دادەڕێژن؟

بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی لەگەڵ ئەوانەیە کە پلانی چاکە دادەڕێژن.

لە هەموو ماندووبوونێک سوود هەیە،

بەڵام تەنها قسەی لێوان بێت بەرەو نەبوونییە.پەندەکان 12:11

دەوڵەمەندی تاجی دانایانە،

بەڵام گێلایەتی نادانایان دەڕازێنێتەوە.پەندەکان 10:16; پەندەکان 27:22

شایەتی ڕاستگۆ دەربازکەری خەڵکە،

بەڵام ئەوەی درۆ بڵاو دەکاتەوە تەفرەدەرە.پەندەکان 12:17

ئەوەی لە یەزدان بترسێت دڵنیاییەکی بەهێزی هەیە،

بۆ کوڕەکانیشی دەبێتە پەناگا.پەندەکان 18:10

لەخواترسی کانی ژیانە،

بۆ دوورکەوتنەوە لە داوی مردن.پەندەکان 10:17; پەندەکان 10:27; دووەم ساموئێل 22:6

زۆری گەل شکۆمەندییە بۆ پاشا،

بەڵام نەمانی گەل شکستی میرە.

ئەوەی درەنگ تووڕە بێت باش تێدەگات،

بەڵام ئەوەی هەڵەشە بێت گێلایەتی دەردەخات.پەندەکان 19:11

دڵی ئارام ژیان بە جەستە دەبەخشێت،

بەڵام ئیرەیی ئێسک کلۆر دەکات.

ئەوەی ستەم لە هەژار بکات سووکایەتی بە دروستکەرەکەی دەکات،

بەڵام ئەوەی لەگەڵ نەدار میهرەبانە ڕێز لە خودا دەگرێت.پەندەکان 17:5; مەتا 25:36

خراپەکار بە خراپەکانی خۆی دەکەوێنرێت،

بەڵام کەسی ڕاستودروست لە مردنیشی پەناگای هەیە.ئەیوب 21:17; زەبوورەکان 73:18; زەبوورەکان 112:8

دانایی لەناو دڵی کەسی تێگەیشتوو دەحەسێتەوە،

هەروەها گێلەکان تەنانەت ناواخنیشیان دەزانرێت.

ڕاستودروستی نەتەوە بەرز دەکاتەوە،

بەڵام گوناه شەرمەزاری گەلانە.پەندەکان 11:11

ڕەزامەندی پاشا بۆ خزمەتکاری وریایە،

بەڵام تووڕەبوونی لە خزمەتکاری شەرمەزارە.لۆقا 7:2; ڕۆما 13:3